ھێزەکانی پاراستنی گەل (ھەپەگە) بەرپرسیارێتی خۆی لە ڕووداوەی ھێرشکردنە سەر بارەگای کۆمپانیای توساش تایبەت بە دروستکردنی فڕۆکە و درۆن بۆ حکومەتی تورکیا ڕاگەیاند و دەڵێت لەلایەن تیمێکی ئەوان بەناوی (تابوری نەمران) ئەنجامدراووە، لە ڕووداوەکەدا دوو گەریلایان بەناوەکانی ئاسیا عەلی و ڕۆژگار ھێلین شەھید بوون.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا ھەپەگە ئاماژە بەوەدەدات کە ئەم ھێرشە ماوەیەکی زۆرە پلانی بۆ دانراوە و بەسەرکەوتوویی جێبەجێکرا، ھیچ پەیوەندی بە ڕووداوەکانی مانگی ڕابردووی تورکیاوە نییە، ئاماژەشی بەوە داوە کە ئەو یەکەیەی ئەوان بەناوی تابوری نەمران بەشێوەیەکی بەردەوام لەچالاکیدا نییە، بەڵکو ناوبەناو لە وەڵامی کردەوە و ھێرشەکانی تورکیا کردەوەی فیداکاری ئەنجامدەدەن بۆ گەیاندنی ھۆشداری بە تورکیا بەرامبەر بە کردەوەکانی لە کوردستان.
ھەپەگە دەڵێت ئەو چەکانەی لەلایەن توساشەوە دروستکراون ھەزاران ھاوڵاتی مەدەنی لە کوردستان شەھیدکردووە کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئەوان لە چالاکییەکانیاندا خەڵکی سڤیل و مەدەنی ناکەنە ئامانج تەنانەت ئەگەر لە سەختترین دۆخیشدا بێت.
|