تورکیا لە بەرامبەر ھەڵوەشاندنەوەی پەکەکە پێشنیاری ھەڵگرتنی گۆشەگیری دەخاتە بەردەم عەبدولا ئۆجالان وسیاسەتمەدارێکیش دەڵێت: بەم نزیکانە گوێمان لە دەنگی ئۆجالان دەبێت.
دوێنێ دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەھەپە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا ئاماژەی بەوەشدا داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کردوە ئەگەر گۆشەگیرییەکەی سەری ھەڵبگیرێت بێت لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا کۆتایی بە 'تیرۆر' بێنێت و پەکەکە ھەڵبوەشێنێتەوە، دەشڵێت ئەگەر وابێ ئەوا یاساکان بە جۆرێک ڕێک دەخرێنەوە، ئۆجەلان بتوانێت داوای مافی ھیوا بکات و ئەوانیش ئامادەن بۆ ئەمە.
ئەمە لە کاتێکدایە، یەکەمجارە پارتێکی تورکی بەم جۆرە بدوێت و سەرۆکی گشتیی جەھەپە، ئۆزگور ئۆزەل و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی و سەرکۆماری تورکیا پشتیوانی خۆیان بۆ گوتەکانی باخچەلی دەربڕیوە.
ھەر دوای ئەم قسانە گوڵتان کشاناک، سیاسەتمەداری تورک ڕایگەیاند: "لەوانەیە ٢٩ی ئۆکتۆبەر بە بۆنەی ساڵوەگەڕی ڕاگەیاندنی کۆماری تورکیا، دەنگی بەڕێز ئۆجەلان ببیستین".
عەبدوڵا ئۆجالان ماوەی ٢٥ ساڵە زیندانیکراوە و دەگوترێت دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دوای تەواوبوونی ئەو ماوەیە "مافی ھیوا" بە شایستەی ژمارەیەک لەو کەسانە دەزانێت کە بە زیندانی ھەتاھەتایی قورسکراو سزا دراون، بۆ ئەوەی ئازاد بکرێن.
|