سبەینێ دەنگدانی تایبەت بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت و کۆمسیۆنی عێراقیش دەڵێت: نزیکەی ٢١٦ ھەزار کەس مافی دەنگدانی تایبەتیان ھەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەیسەر یاسین، وتەبێژی لیژنەی ناوەندیی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاند، سەرجەم کاروبارە تەکنیکی و لۆجستییەکان بۆ ھەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە تەواوی ئامادەکراون.
ئەوەشی وتوە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، دابەشکردنی پێداویستی و ئامێرەکانی تایبەت بە دەنگدان بەسەر بنکەکانی دەنگداندا کۆتایی دێت کە سێ ڕۆژە دەستیپێکردووە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ژمارەی دەنگدەری تایبەت لە سەرجەم پارێزگەکانی ھەرێمی کوردستان و بەغدا، نەینەوا، واست، سەڵاحەدین، دیالە، ئەنبار و کەرکووک دەگاتە ٢١٥ ھەزار و ٩٦٠ کەس و لە ١٦٥ بنکەدا دەنگدەدەن.
|