کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: کاروبارەکانی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکەی پەرلەمانی کوردستان تەواوکراون ئامادەین لە کاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەیسەر یاسین، وتەبێژی لیژنەی ناوەندیی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاند، سەرجەم ئامادەکارییە تەکنیکی و لۆجستییەکان بۆ ھەڵبژاردنەکەی پەرلەمانی کوردستان تەواوکراون و ٩٧٪ی پێداویستییەکان بۆ ڕۆژی دەنگدان ئامادەن.
وتیشی: لە کاتی بەڕێوەچوونی بانگەشەی ھەڵبژاردندا، ٣٨ سکاڵا تۆمارکراون کە زۆرترینیان لە سلێمانین و ژمارەیان ٢١ سکاڵایە، لە ھەولێر ١٤ و لە دھۆکیش سێ و ڕاشیگەیاند کە سکاڵای کاندیدێک و دوو تانەش لە سلێمانی تۆمارکراون.
ڕاشیگەیاند، بە ھەماھەنگی لەگەڵ شارەوانی پارێزگەکانی ھەرێمی کوردستاندا ئەو پۆستەرانەی کاندیدەکان لادەبرێن کە سەرپێچی ڕێنماییەکانیان کردووە و دواتریش پێبژاردنیان بۆ دەکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، ڕۆژانی ١٥ و ١٦ و ١٧ی ئەم مانگە دەست دەکرێت بە دابەشکردنی پێداویستی و ئامێرەکانی دەنگدان بەسەر بنکەکانی ھەڵبژاردندا و تۆمارکرانی ناوی بریکاری پارتە سیاسییەکان و کۆمەڵی مەدەنی و سەندیکا و تۆڕەکانی چاودێری بە مەبەستی دروستکردنی باج بۆیان بەردەوامە.
|