X
مەزڵوم عەبدی: ئامادەی گفتوگۆین لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان، لەنێویاندا تورکیا

لیژنەی ئارامیی سلێمانی: بردنە ژوورەوەی مۆبایل بۆ وێستگەکانی دەنگدان قەدەغەیە

کوردستان

2024-10-10     186ژمارەی خوێندراو

لیژنەی ئارامیی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا جەخت دەکەنەوە لەوەی، "لە رۆژی ھەڵبژاردن بردنە ژوورەوەی مۆبایل و ھۆکارەکانی وێنەگرتن بۆ ناو بنکە و وێستگەکانی دەنگدان قەدەغەیە."

ئەمڕۆ، ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لە دیوانی پارێزگادا، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی لیژنەی ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی کرد و بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە گفتوگۆ لەسەر دوائامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان کرا، کە بەشێوەیەکی یاسایی و پێویست بەڕێوەدەچێت و جەختکراوەتەوە کە بردنە ژوورەوەی مۆبایل و ھۆکارەکانی وێنەگرتن بۆ ناو بنکە و وێستگەکانی دەنگدان قەدەغەیە.

ئاماژەبەوەشکراوە، پێویستە نوێنەری کەناڵی راگەیاندنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان باجی فەرمیی تۆمارکراوی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عیراقی فیدراڵیان پێبێت و رووماڵ لەو بنکانەدا بکەن کە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە دیاریکراون.

لیژنەی ئارامیی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوەکەدا دەڵێت، "پێویستە چاودێرانی ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی و چاودێرانی لایەن و قەوارە بەشداربووەکان باجی فەرمیی تۆمارکراوی کۆمیسیۆنیان پێبێت".

"پێویستە ئەو ھاوڵاتیانەی تائێستا کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان وەرنەگرتۆتەوە، لە زووترین کاتدا بچن کارتەکان وەربگرنەوە، بەپێچەوانەوە مافی دەنگدانیان نابێت". لیژنەی ئارامیی پارێزگای سلێمانی وای وت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، دەوامی فەرمیی لە ھەموو خوێندنگا حکومیی و ناحکومیی و تایبەتەکاندا لە رۆژی ١٥ تا ٢١ـی ١٠ـی ٢٠٢٤ دەوەستێت.

دەربارەی گواستنەوەی بنکەی دەنگدان، لیژنەکە دەڵێت: "ھەر ھاوڵاتییەک داوای گواستنەوەی شوێنی بنکەی دەنگدانەکەی کردووە و گواستنەوەکەی بۆکراوە و نەھاتووە کارتە نوێکەی لە کۆمیسیۆن وەربگرێت، لە زووترین کاتدا سەردانی نزیکترین بنکەی دەنگدان بکات بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکەی".

وتیشی: لە ھەر وێستگەیەکی دەنگداندا تەنھا ٥٪ـی ئەو ھاوڵاتییانەی لەکاتی وەرگرتنی کارتی بایۆمەترییدا پەنجەمۆرەکەیان نەخوێندراوەتەوە، دەتوانن دەنگ بدەن.