X
مەزڵوم عەبدی: ئامادەی گفتوگۆین لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان، لەنێویاندا تورکیا

با رووبەڕووی شێرپەنجەی مەمک ببینەوە

کوردستان

2024-10-07     199ژمارەی خوێندراو



ئەمڕۆ لە ھەولێر بەشداریم لە ئیڤێنتێک کرد، دەربارەی ھەڵمەتی ھۆشیاری لە شێرپەنجەی مەمک، بەداخەوە ئامارەکانی نەخۆشییەکە جێگەی ئومێد و دڵخۆشکەر نین، شێرپەنجەکە بووەتە ھەڕەشەیەکی جددی لەسەر ئافرەتان، ئەگەر ھۆشیار نەبین، ئامارەکان زۆر بەرزتر دەبنەوە. 
لە ھەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا سیستمێکی تەندروستیی بەھێزمان نییە، سەتان ھۆکار ھەن کە تووشی نەخۆشیمان دەکەن، ژینگە و ئاو و ھەوا و خۆراکمان وەکو پێویست نییە، دەرمانەکان وەکو پێویست کۆنتڕۆڵ نەکراون و رێگە لە قاچاخچیێتیی دەرمان نەگیراوە، نەخۆشخانەکان وەکو پێویست چارەسەری نادەن بە چارەخوازان و ئەمانە و دەیان ھۆکاری دیکە وایانکردووە، ئاماری نەخۆشییەکان، لە بەرزبوونەوەدا بن، لەنێویاندا شێرپەنجەی مەمک. 
ھەندێک راستیی دژوار ھەن، دەبێت خانمان بیزانن، لەوانە: شێرپەنجەی مەمک، ئێستا لە ھەموو جیھاندا باوترین جۆری شێرپەنجەکانە، ساڵی ٢٠٢٢ ئەم شێرپەنجەیە بووەتە ھۆی کوشتنی ٦٧٠ ھەزار کەس لە جیھاندا، ھەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لە مەترسییەکانی ئەم جۆرە شێرپەنجەیە، بۆیە دەبێت لە ھەموو ئاستەکاندا ھەڵمەتی ھۆشیاری چڕبکرێتەوە، بۆ دووربوونی خانمان لەو نەخۆشییە کوشندەیە. لە ساڵی ٢٠٢٢ دا، ٢.٣ ملیۆن ژن تووشی شێرپەنجەی مەمک بوون. ڕەگەزی مێینە بەھێزترین فاکتەری مەترسی شێرپەنجەی مەمکە، نزیکەی ۹۹٪ی شێرپەنجەی مەمک لە ئافرەتاندا ڕوودەدات و ۰.۵-۱٪ی شێرپەنجەی مەمک لە پیاواندا ڕوودەدات.
بەگوێرەی توێژینەوە زانستییەکان، ھەندێک ھۆکاری دیاریکراو مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاد دەکەن لەوانە زیادبوونی تەمەن، قەڵەوی، بەکارھێنانی کحولی زیانبەخش، مێژووی خێزانی شێرپەنجەی مەمک، مێژووی بەرکەوتنی تیشکدانەوە، مێژووی زاوزێکردن (وەک ئەو تەمەنەی کە سوڕی مانگانە دەستی پێکرد و تەمەن لە یەکەم دووگیانیدا)، بەکارھێنانی جگەرە و چارەسەری ھۆرمۆنی دوای کۆتایی سکپڕی. نزیکەی نیوەی شێرپەنجەی مەمک لەو ژنانەدا گەشە دەکات کە ھیچ ھۆکارێکی مەترسی شێرپەنجەی مەمکیان نییە جگە لە ڕەگەز (مێ) و تەمەنیان (زیاتر لە ٤٠ ساڵ).
وەک پزیشکان دەیڵێن، شەرمکردن لە کێشە تەندروستییەکان، ھۆکاری سەرەکیی تەشەنەکردنی شێرپەنجەی مەمکە لە خانماندا، ئافرەتان نابێت لە ئەگەری کێشەی تەندروستی ، بابەتەکە پەراوێز بخەن و شەرم بکەن، بەڵکو دەبێت بە خێرایی سەردانی ناوەندە پزیشکییەکان بکەن و پشکنین بکەن، ئەگەر درەنگ بە نەخۆشییەکە بزانرێت، ئەوا چارەسەرکردنی زەحمەتە. 
ئەگەر سەیری داتاکانی کوردستان بکەین، دەربارەی شێرپەنجەی مەمک، بەگوێرەی ئامارێکی پێگەی فەرمیی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ساڵی ٢٠٢٢دا، نۆ ھەزار و ٦١ کەس لە ھەرێمی کوردستان تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون کە ڕۆژانە دەکاتە نزیکەی ٣٢ کەس، بەڵام ئەو ژمارەیەش لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە جیاواز بووە. لە پارێزگای ھەولێر ٤ ھەزار و ٣٠٤ کەس، پارێزگای سلێمانی ٣ ھەزار و٣٢٣ کەس و پارێزگای دھۆک یەک ھەزار و ٤٣٤ کەس بووە.
بەربڵاوترین جۆرەکانی شێرپەنجە لە ھەرێمی کوردستان، بریتین لە، شێرپەنجەی مەمک، کۆڵۆن، سییەکان، پێست، غوددە، پرۆستات، لیوکیمیا، مێشک، منداڵدان.
ئە وئامارانەی سەرەوە بۆ ھەرێمێکی وەکو کوردستان، مەترسیی جددین، بۆیە دەبێت ھەموومان دەستوبرد بکەین بۆ پەرەپێدانی ھەڵمەتی ھۆشیاری، خانمان کێشەکانیان نەشارنەوە و پشکنین بکەن و چارەسەری پێویست وەربگرن. 
ئەرکی سەرەکیی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیشە، ھەوڵەکان زیاتر بکات، بۆ باشکردنی کەرتی تەندروستی، دابینکردنی پێشکەوتووترین ئامێرەکان و ھێنانی چارەسەرە پێشکەوتووەکان، دروستکردنی نەخۆشخانەی پێشکەوتوو، بایەخدان بە نەخۆشخانە گشتییەکان، بۆئەوەی نەک تەنیا ئامارەکانی شێرپەنجە، بەڵکو ھەموو نەخۆشییەکان کەمببنەوە و خەڵکی کوردستان پارێزراو بێت