شاندەکەی حکومەتی ھەرێم نەڕۆشتنە بەغدا و عێراق بەڵێنی ناردنی مووچەی مانگی ھەشتی دا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی بەغداد یەوم کە ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣ی ئەیلوول بڵاویکردووەتەوە، وابڕیار بووە ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە شاندێکی وەزارەتی دارایی ھەرێم سەردانی بەغدا بکەن بەڵام بەھۆی ئەوەی بەغدا بەشێکی مووچەی مانگی ھەشتی رەوانە کردووە سەردانەکە دواخراوە.
ئەو سەرچاوەیە وتوویەتی “وەزارەتی دارایی عێراق بە حکومەتی ھەرێمی راگەیاندووە لەماوەی ئەم دوو رۆژەدا تەواوی پارەی مووچەی مانگی ھەشت رەوانەی ھەرێم دەکەن، ھاوکات ھیچ کێشەیەکیش لە ناردنی پارەکەدا نابێت”.
ئەوەشخراوەتە ڕوو، بەغدا بە یەکجار ٥٧٠ ملیار دیناری بۆ ھەرێم ناردووە، بەڵام مووچەی ھێزە ئەمنییەکان کە دەکاتە ٤٣٠ ملیار دینارە نەیناردووە.
سەبارەت بە ھۆکاری درەنگ ناردنی پارەی مووچەی مانگی ھەشت، ئەو سەرچاوەیە ئاشکرایکردووە، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق داوایکردووە داھاتی گومرگەکان و خاڵە سنورییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا یەکبخەن و ھەرێم لە ٪٥٠ی داھات و باجەکانی ئەو خاڵە سنوریانە رەوانەی ناوەند بکات.
روونیکردووەتەوە، “تا ئێستا حکومەتی ھەرێم ئەوەی لە بودجەدا دیاری کراوە نەیگەیاندووە، ھەروەھا ھیچ ڕێککەوتنێک نییە لەسەر باجی گومرگی، یان ڕێککەوتن لەسەر ژمارەی دەروازە سنوورییە فەرمییەکان لە کوردستان، بەغداش داوای ئەوە دەکات کە باج و ڕێژەی وەرگرتنی باج کە لە کارمەندان، بازرگانان و بەڵێندەرانەوە وەردەگیرێت”.
|