لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق داوا لە ھەرێم دەکات ئەو پارانە رەوانەی بەغداد بکات کە لەساڵانی خزمەتی خانەنیشینان بڕیوە بۆئەوەی خانەنیشنانی ھەرێم یاسای خانەنیشینی فیدراڵی بیانگرێتەوە.
بەگوێرەی ھەوالێکی فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لیژنەی دارایی دوێنێ چوارشەممە، بە سەرۆکایەتی عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەکەو ژمارەیەک لە ئەندامەکانی، پێشوازیان کردووە لە وەفدێکی پێشمەرگە دێرینەکانی پارێزگای سلێمانی، بە ئامادەبونی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
لە دیدارەکەدا، کە لەبارەگای لیژنەی درایی بەڕێوەچووە، باس لە تەوتین کردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و خانەنیشیان کراوە.
عەتوانی جەختیکردووە، پابەندکردنی حکومەتی ھەرێم بە تەوتین کردنی موچە لە بانکە حکومیەکان، ئامانجی زامنکردنی مافەکانی ھاوڵاتیان و بەدیھێنانی دادپەروەریە، بڕیارەکە ھیچ رەھەندێکی سیاسی نییە.
راشیگەیاندووە: ئەندامی لیژنەکەیان کۆکن لەسەر پێویستی دورخستنەوەی دۆسیەی موچە لە کێشمەکێشە سیاسیەکان، لەگەڵ جەختکردن بە پابەندبوونی تەواو بە دەستوری عێراق، بەجۆرێک دادپەروەری بۆ تەواوی ھاوڵاتیان دەستەبەربکات.
لەبارەی دۆسیەی خانەنیشانی ھەرێمی کوردستانیش، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رونیکردووەتەوە، شمولکردنی خانەنیشانی ھەرێم بە یاسای خانەنیشینی فیدراڵی پێویستی بەوەیە حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو پارانە رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق بکات، کە لە خانەنیشینانی بڕیوە لە ساڵانی خزمەتکردنیان، بۆ ئەوەی پرسەکەیان چارەسەربکرێت
|