پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق: مانگانە سەدا ٧ی مووچەی لە فەرمانبەران بڕیوە بۆ سندووقی خانەنشینی، بەڵام تا ئێستا ئەو سندووقەی نیە و بەغداش داوای ئەو پارەیە دەکات.
سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: حکومەتی ھەرێم ٣٢ ساڵە مانگانە لەسەدا ٧ی مووچەی لەفەرمانبەران بڕیوە بۆ سندوقی خانەنشینی، بەڵام تا ئێستا سندوقی نەبووەو نازانرێت ئەو پارەی چی لێکردووە".
باسی لەوەشکردووە: "کاتێک بەبڕیاری دادگای فیدراڵی مووچەی خانەنشینی ھاوتای عێراق دەکرێت لەسندوقی خانەنشینی عێراق مووچەی خانەنشینی مەدەنی و سەربازی دەدرێت، بەڵام پێویستە حکومەتی ھەرێم پارەی لێبڕینی چەندین ساڵی رابردوی فەرمانبەران تەسلیمی سندوقی خانەنشینی عێراق بکات، جگە لەوە وردبینی لەدۆسێی خانەنشینان دەکرێت بەتایبەت سەربازی کە پڕە لە ناموستەحەق و نایاسایی".
وتیشی: بەپێی یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠١٤ یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق مانگانە ٪٢٥ی مووچەی فەرمانبەران دەخرێتە سندوقی خانەنشینی ٪١٠ی لە مووچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت و ٪١٥ حکومەت تەمویلی سندوقەکە دەکات".
عێراق مووچەی خانەنشینی لەسەرەتای مانگ لە سندوقی خانەنشینی دەدات نەک لەبوجەی گشتی، ئەو سندوقەی عێراق ترلیۆنان دیناری تێدایەو وەبەرھێنانی پێ دەکرێت، خانەنشین چاوەڕێ ناکات تا کۆتایی مانگ مووچە دەدرێت ئەو لێبڕینی مانگانەی خانەنشینی بۆیە داوە تا لەخانەنشین بونیدا بەزەمانەتەوە مانگانە مووچەکەی لەو سندوقە وەربگرێت.
|