حکومەتی عێراق دەست دەکاتەوە بە ھاوکاریکردنی ئەو خێزانانەی لە سەردەمی رژێمی بەعس لە ھەرێمی کوردستان زەرەرمەندبوون.
تارا ئەنوەر قەرەداخی، بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی داواکانی موڵکداری رایگەیاند، "جارێکی دیکە بڕێک پارە بەسەر زەرەرمەندانی دەستی رژێمی بەعس دابەش دەکرێت، ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە داواکارییان پێشکێشی دەستەکەمان کردووە."
ئاماژەی بەوەشداوە، "دوای ئەوەی ئەو داواکارییانەی پێشکێش کران و لە لیژنەی دادوەریی دەستەکەمان بینراوە و پلەی کۆتایی وەرگرتووە، بڕیاری دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیە دراوە و ٢٨٩ کەس لەو بڕیارە سوودمەند دەبن، بڕی پارەکەیش زیاتر لە دوو ملیار دینارە".
وتیشی:"پێشتریش پارەیان بۆ زیانلێکەوتووانی دەستی رژێمی پێشوو خەرجکردووە و بەردەوامیش دەبن تاوەکو داواکاری ھەبێت".
|