وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە تیمی پڕۆژەی "ھەژماری من"یان وتووە، "ئەگەر دابەشکردنی مووچە لەڕێگەی بانکە حکومییە عێراقییەکانەوە بێت، ناتوانن چیدی پارەی ھاوکاریی مانگانەی پێشمەرگە بنێرن."
حکومەتی ئەمریکا مانگانە ١٥ ملیۆن دۆلار وەکو ھاوکاری و بۆ مووچەی پێشمەرگە دەنێرێت، پێشتر ئەو بڕە مانگانە ٢٥ ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام ئەمریکا لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو و سەرەتای ئەم ساڵەوە بڕی ھاوکارییەکانی کەمکردەوە.
تیمی پڕۆژەی "ھەژماری من" لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ھۆکاری ئەوەی ئەمریکا لەڕێگەی ئەو بانکانەوە ھاوکاریی پێشمەرگە ناکات، ئەوەیە کە چەند بانکێکی عێراقی لە لیستی رەشی ئەمریکان، دۆلاریان پێنادرێت و پێویستیان بەوەیە چوار بۆ پێنج ساڵ کار بکەن تاوەکو بتوانن لە لیستی رەشی ئەمریکا بێنە دەرەوە و دۆلاریان پێبدرێت."
وەک تیمی پڕۆژەی "ھەژماری من" دەڵێت "ھەر مووچەخۆرێکیش لەڕێگەی ئەو بانکانەوە ھەژماری بانکی بکاتەوە، دواتر ناتوانێت لە دەرەوەی وڵات دۆلار لە ھەژمارەکەی رابکێشێت و ناشتوانێت دۆلار حەواڵە بکات."
|