X
مەزڵوم عەبدی: ئامادەی گفتوگۆین لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان، لەنێویاندا تورکیا

كورسى كۆتایی توركمانه‌كان نامێنێت

ڕاپۆرت

2023-11-02     768ژمارەی خوێندراو

یه‌كشه‌ممه‌ى داهاتوو دادگاى فیدڕاڵى عێراق، بڕیار له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌دات. به‌پێى زانیارییه‌كانیش ئه‌گه‌رى زۆره‌ كورسى كۆتاى توركمان نه‌مێنیت و هه‌رێمى كوردستان له‌ یه‌ك بازنه‌ییه‌وه‌ بكرێته‌ چوار بازنه‌.

رۆژى یه‌كشه‌ممه‌، 5-11-2023 لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دانیشتنی دادبینی لەسەر ئەو سكاڵایانە بەڕێوەدەچێت، كە لە بارەى پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان سكاڵا تۆماركراون، سكاڵاكارەكان یەكێكیان زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتییە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان‌ و ئەوەی تریان ئامانج نەجیب شەمعون، سەرۆكی فراكسیۆنی رافیدەینه‌ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.

به‌پێى زانیارییه‌كان، به‌ ئه‌گه‌رى زۆره‌وه‌ دادگا سكاڵاكەی یەكێتیی پەسەند ده‌كات و هەموارەكانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەڵوەشێنێتەوە، به‌مه‌ش بۆ سازدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پەنا بۆ یاسای (ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستانی عێراق) ده‌بردرێت، كە یاسای یەكەم هەڵبژاردنە لە هەرێمی كوردستان‌ و لە رۆژی 4ی نیسانی 1992 پەسەندكراوه‌.

بەپێی یاسای ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان، ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان لە (100) كورسی پێكدێت. لەگەڵ پێنج كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەی مەسیحی و پێكهاته‌ى توركمانیش هیچ كورسییه‌كى نامێنێت و هه‌رێمى كوردستانیش دەكرێت بە چەند ناوچەیەكی هەڵبژاردن، بەمەرجێ لە چوار ناوچە كەمتر نەبێت.

به‌پێى یاساكه‌، هەر حزبێك یان توێژێك یان كەمایەتییەكی نەتەوەیی وەك (توركمان، عەرەب، ئاشوری... هتد) بۆی هەیە لیستی تایبەتی بەناوی پاڵیوراوەكانی خۆی لەسەر ئاستی كوردستانی عێراق پێشكەش بكات.