X
مەزڵوم عەبدی: ئامادەی گفتوگۆین لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان، لەنێویاندا تورکیا

بە بێ ھیوا لەدایکبوم بەڵام بە ھیواوە دەژیم

کوردستان

21   کاتژمێر پێش ئێستا     138ژمارەی خوێندراو



بە ھۆی گۆرانکاریی بابەتیی و خۆییەکانەوە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم کۆرانکاریی گەورەدایە، بەتایبەتی ناوچەکەی ئێمە رووبەرووی رووداوی چاوەروان نەکراو دەبێتەوە.
ئێمەی خەڵکی کوردستان لە دووڕیانی ھات و نەھاتداین، چارەنوسمان شەتەکدراوە بەو ئاڵوگۆڕانەوە، ئەگەر خۆمان لە ئاستی  لێپرسراوێتی مێژووییدا نەبین لەوانەیە توشی کارەساتی گەورە ببینەوە. 
پێویستە و ئەرکی ھەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە، لە ئاست ئەرکی نشتمانیی و نەتەوەیی خۆیاندابن و بە یەک دەنگ و یەک ھەڵوێست رووبەرووی ھەر پێشھاتێکی ئەرێنی و نەرێنی ببنەوە.
منیش وەکو تاکێکی ئەم کوردستانە، لەم ھەلومەرجەی ژیاندا ھەم ئەرکم لەسەرە سەبارەت بە نشتمان و گەلەکەم، ھەم مافی ئەوەم ھەیە ھیوا و داخوازییەکانی خۆم بخەمەڕوو، لەوانە:
-کوردستانەکەمان دوور بێت لە پریشکی ئەم بورکانە و دوژمنەکانیشمان بگرێتە باوەش.
-کابینەی ئەمجارە کابینەی ئاشتبوونەوەی خەڵک و چارەسەری کێشەکانی ھەرێم بێت.
-ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ببێتە مایەی خێر و ئاوەدانیی لە کوردستاندا.
-کابینەی نوێ بە جدیی ھەوڵی چارەسەرکردنی موچەی خەڵک و بوجەی ھەریم بداتم لەگەڵ حکومەتی فیدرالیدا، دوور لە ململانێ و بەرژوەندیی حزبیی.
-مادەی (١٤٠) ی دەستور جێبەجێ بکرێت.
-ئەنجومەنی ئیتحادیی لە عیراقی فیدرالیدا  دروستبکرێت.
-ھەرێمی کوردستان نەبێتە قۆچی قوربانیی سەرژمێریی ئەم ساڵ.
- یەکێتییەکەمان بە ھێزتر و رێبازەکەی مام جەلال پرشنگدارتر بێت.
-ھەموو جیھان لە پەتای کوشندە و نەخۆشیی شێرپەنجە دوور بێت.  
-ئاشتی و خۆشگوزەرانیی و ئازادیی لە سەرتاسەری جیھان بەرقەرار بێت.
-مرۆڤایەتی دوور بێت لە بەڵای توڕەبوونی سروشت بە ھۆی تێکچوونی ژینگەوە.
-ئاخر خێریی بۆ ھەمووان دەخوازم و ئاخر شەڕییش بۆ کەس ناخوازم.
-منداڵی دەرۆزەکەری سەر جادەکان نەبینم. 
-کوشتنی ژنان بە ناوی شەرەفەوە بنبڕ بکرێت.
ئەمانە و دەیان ھیوا و ئاواتی ترم ھەن سەبارەت بە نشتمان و یەکێتی و خێزان و خانەوادەکەم.
ساڵی ئایندە بەم ھەموو ھیوا و ئاواتانەوە دەچمە ناو کەژاوەی حەفتا ساڵییەوە.
نزیکەی حەفتا ساڵ لەمەو پێش لە ژوورێکی تەنگەبەر و لا چەپ و بێ کارەبا و پەنجەرەدا، لەژێر سێبەری دارخۆرماکانی جەلەوە و ھاژەی ئەڵوەندا، لە ئێوارە وەختێکی بەھاردا، لە خانووە قوڕەکەی خاڵو فەتحوڵڵادا بە ژان و نارەحەتیی منیان لە بەھەشتی منداڵدانی دایکم گەوھەر، دەربەدەر کرد. 
بە بێ ئارەزووی خۆم منیان لە دنیای خاڵیی لە مەینەت و دەردەسەریی و ھیوا و ئاواتخوازیی گواستەوە بۆ دنیای پڕ مەینەت و دەردەسەریی و دونیای فانی.
دایکم گەوھەر، بەمشێوەیە یاد و یادەوەرییەکانی  دەگێرایەوە، دەیوت: لەدایکبوونی عیماد، لە ئێوارە وەختێکی باراناویدا بوو،  ئەڵوەن زیادی کرد و لافاو ھەڵسا بوو.
میم تاووس (جدە) بە واتای مامان بوو،  ھاجەری دایکم  و دایکی عەزیز لە ژوورەکە لە گەڵمدابوون، بە زیڕە و گریانێکی زۆرەوە عیماد ھاتە دنیاوە. میم تاووس بە دەنگە پڕ لە سۆزەکەی ھاواری کرد: ھاجەر کوڕتان بوو و لای راستی روومەتی پەڵەیەکی سووری پێوەیە.
دایکی عەزیزیش وتی:  ئەم تفڵە زیتەڵەیە، جیاوازە و قەت ئەم کوڕەمان لێ ون نابێت.
بۆ درامای لە دایکبوونم ھەر ئەوەندەیان بۆ باسکردووم. منیش لەو ساتە وەختەدا بێ دەسەڵات و بە بەشێک لە کەسایەتییە تایبەتییەکەی خۆم پاوەنکراوبووم .
دەسنیشانی کات و سەعات و رۆژ و مانگ و ساڵەکە بە دەست و ئارەزووی خۆم نەبوو، ناوەکەش (عیماد ) و ھەندێ خەسڵەتی تر لە دەسەڵاتی مندا نەبوون.
دوای ئەم دیمەنانە، درامای ژیانم بە تراجیدیا و کۆمیدیاکانییەوە بەندە، بە جوانیی و ناشرییەکانییەوە و بە خۆشی و ناخۆشییەکانیەوە بە بێ دەسەڵات و بە بێ ھیوا ھاتمە دنیاوە لە سووچێک لە خانوویەک لە جەلەوەی خانەقی و کوردستان چاوم بە دنیا ھەڵھێنا.
ئێستا دوای نزیکەی حەفتا ساڵ، دنیام فراوانتر بووە و دەسەڵات و ھیواشم زیاتر بووە. ئەرکی ئەخلاقیم و نشتمانیم، ئەرکی ئینسانیم و نەتەوایەتیم، ئەرکی شەخسیم و خێزانیم بەر فراوان بوون.
ھەروەھا ھیوایەکی زۆرم ھەیە، سەبارەت بەخۆم و خێزان و کەسوکار و ھاورێ و دۆستان و سەبارەت بە کوردستان و یەکێتی و بە دادپەروەریی و یەکسانیی و ئازادیی لە ھەرێمی کوردستاندا. 
بەشێکم بە دیھێناوە، ئەگەر عومر باقی بێت، ھەوڵی بە دیھێنانی ئەوانیتریش دەدەم.   
بەکورتی و کرمانجیی دەتوانم بڵێم: بەبێ ھیوا ھاتمە دنیاوە بەڵام بە ھیواوە دەژیم.