ئهنجومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان ئهمڕۆ چوارشهممه كۆبوهوه، لە كۆبوونەوەكەدا جەختكراوەتەوە، بە شێوەیەكی دادپەروەرانە كارەبا بەسەر ناوچەكان دابەشدەكرێت
بهگوێرهی راگهیهندراوێكی ئهنجومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان، له كۆبونهوهكهی ئهمڕۆدا گفتوگۆ لەبارەی ڕوداوی دڵتەزێنی ئاگرکەوتنەوە لە باڵاخانەیەکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە 8ی ئهم مانگه كراوه كه بوههۆی گیان لەدەستدانی 14 کەس و برینداربونی چەند کەسێکی دیکە و هەروەها ڕێکارەکانی بەهاناوەچونی لایەنە پەیوەندیدارەکان و لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی ڕودانی کارەساتەکە تاوتوێ کران، مهسرور بارزانی دامەزراوەکانی حکومەتی راسپارد، کە بەدواداچون بۆ رێکارەکانی سەلامەتی لە شوێنە گشتی و تایبەتەکان بکرێت بە تایبەتی کە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران هەیە بۆ لەبەرچاوگرتنی ڕێکارەکانی سەلامەتی لەو شوێنانە.
لە بڕگەی دوەمدا، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ راسپاردە و چارەسەرەکانی تایبەت بە پرسی زیادبونی حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ژنان پەسەندکرد، کە لەلایەن جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبونەوەی پێشوی ئەنجومەن خرابوە ڕو.
له كۆبونهوهكهدا کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا راپۆرتێکی سەبارەت بە بارودۆخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان و گرفتی کوژانەوەی گشتی لە سیستەمی کارەبای هەرێم کە ڕۆژی 11/30 رویدا و هەوڵ و پڕۆژەکانی وەزارەت بۆ زیادکردنی بەرهەم و گەڕانەوە بۆ بەرنامەی ئاسایی پێدانی کارەبا و بابەتی پرۆژەی پریپەید و نرخەکەی خستەڕو.
وەزیری کارەبا لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بهوهدا، کە "ئێستا 3473 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت و رەوشی کارەبای نیشتیمانی دوای کوژانەوەی گشتی ئاسایی بوەتەوە و یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و دەمژمێرەکانی هەبونی کارەبای نیشتیمانی لە نێوان 8 بۆ 10 كاتژمێردایه".
وەزیری کارەبا هەروەها باسی لە هەوڵ و پڕۆژە بەردەوامەکانی وەزارەت کرد بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگەی سودوەرگرتن لە یەکەکانی کۆمباین سایکڵی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کوژانەوەی گشتی کە بابەتەکە تەنیا کێشەیەکی تەکنیکی بوە و ئەم جۆرە کێشە تەکنیکییانە لە زۆر شوێنی دونیا ڕو دەدەن، هەروەها ئەو دەنگۆیانەی بە ناڕاست دانا کە هەرێمی کوردستان لە وزەی کارەبای بەرهەمهاتوی نیشتیمانى خۆی بە ناوچەکانی دیکەی عێراق دەفرۆشێتەوە، بەڵکو ڕونیکردەوە، کە "بەرهەمی کارەبای هەرێم دادپەروەرانە بەسەر سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت".
له راگهیهندراوهكهدا هاتوه، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابوری و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست سەبارەت بە دابینکردنی پێداویستییەکان و تەرخانکردنی بودجەی پێویست، وەزارەتی کارەباش ڕاسپێردرا کە بەردەوام بن لە هەوڵ و پرۆژەکانیان بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی کێشەکان بە مەرجێک بارگرانی لە ئەستۆی هاوڵاتیان دروست نەکرێت و هەروەها پێویستە وەزارەت برەو بە هەوڵەکانیان بدەن بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی وزەی کارەبای جێگرەوە پشت بەست بە سەرچاوەی پاک بە تایبەتیش سەرچاوەی وزەی خۆر.
سەبارەت بە سیستمی پریپەیدی پێدانی پارەی کارەبا، وەزارەتی کارەبا ئەوەی خستەڕو، کە "ئەم پڕۆژەیە لەسەر حیسابی هیچ پارێزگا و گەڕەک و ناوچەیەکی کوردستان نییە، بەڵکو وەزارەت بە دادپەروەرانە بڕی کارەبای بەرهەمهاتو دابەش دەکات و ئەم پڕۆژەیە، تەنها شێوازی پێدانی پارەی کارەبایە، ئەنجومەنی وەزیران دوپاتی کردەوە کە پڕۆژەی پریپەید نابێت بارگرانی لەسەر دارایی هاوڵاتییان دروست بکات و ئامانج لێی کۆکردنەوەی داهاتە بە شێوازێکی هاوچەرخانە تاکو داهاتەکە بخرێتەوە خزمەتی پڕۆژەکانی زیادکردنی وزەی کارەبای نیشتیمانی و خزمەتگوزارییەکە و بەکارهێنانی کارەبای بەرهەمهاتو بەشێوەیەکی ئابوریانەتر کە دەمژمێری زیاتر کارەبا دابین بکات".
ئهوهش هاتوه، هەروەها داوا لە هاوڵاتییان دەکات کە هاوکار و یارمەتیدەری حکومەت بن لە ڕێگەی كەمكردنەوەی زیادبەكارهێنانی كارەبا و دانی رسوماتی کارەبا بەشێوەیەکی ڕێک و بەردەوامی، بۆ ئەوەی حکومەتیش بتوانێت بەشێکی خەرجییە زۆرەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دابین بکات و کارەبا بە باشی بە هاووڵاتییان بدات.
ههر له كۆبونهوهكهدا ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری کورتەیەکی لهبارەی ئەنجامی سەردانەکەیان لەگەڵ ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ بۆ بەغدا خستەڕو، کە بۆ گفتوگۆکردن بو لەبارەی برەودان بە هەماهەنگی و هاریکاریی هەردو حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێم سەبارەت بە کاروباری دەروازە سنورییەکان و گومرگ بە ڕەچاوکردنی دەسەڵاتە دەستوورییەکان و پەرەپێدانی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات لە عێراق و هەرێم بە ئاراستەی زیادکردنی داهاتی گشتی و خەرجکردنەوەی لە پڕۆژەکانی خزمەتی گشتیدا.
|