بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستا، زانای ئاینی و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی سنووری پارێزگاکە کۆبووەوە.
میللەت :
لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا ھاتوە، لە کۆبوونەوەکەدا کە رەفعەت عەبدوڵا، ئاسۆ مامەند، شاڵاو عەلی عەسکەری، ھاوڕێ شێخ دارۆ و شێخ ئەحمەد حەمەکەریم، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و رێبوار تەھا، سەرۆکی لیستی ھاوپەیمانیی کەرکووک ھێز و ئیرادەمانە ئامادەبوو، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی رۆڵ و پێگەی مامۆستایانی ئاینی و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی کەرکووکی کرد لە ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە، گەشەپێدانی بیری میانڕەوی و قووڵکردنەوەی پێکەوەژیان و رایگەیاند، یەکێتی بە رێزەوە لە ھەوڵەکانتان دەڕوانێت و پشتگیریی ھەر ھەنگاوێکیش دەکات کە ئامانجی پەرەپێدانی گیانی تەبایی و پێکەوەژیان بێت لەنێوان سەرجەم نەتەوە و پێکھاتەکانی کەرکووکدا.
ئاماژەبەوەشدراوە، لەدرێژەی وتەکانیدا سەرۆک بافڵ ئاماژەی بە بەرنامە سیاسی و خزمەتگوزارییەکانی ھاوپەیمانیی کەرکووک ھێز و ئیرادەمانە کرد و رایگەیاند، ھەوڵەکانمان بۆ وەرگرتنەوەی دەسەڵات و راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانییە لە ناوچەکە، خزمەتکردنی کەرکووک و داکۆکیکردن لە مافە رەواکانی خەڵکە خۆڕاگرەکەی ئەرکی ئێمەیە. ئێمە لەسەر رێرەوی سیاسەتە دروستەکەی سەرۆک مام جەلال ھەنگاودەنێین کە خۆی لە پاراستنی مافی سەرجەم نەتەوە و پێکھاتە رەسەنەکانی کەرکووک دەبینێتەوە و بەھەمووشێوەیەک پەراوێزخستن و جیاکاری رەتدەکاتەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکە داوای لە کەرکوکیەکان کردوە، وەکچۆن لە رابردوودا مێژوویەکی پڕ لە سەروەری و شانازیتان نووسیووەتەوە، ئێستاش بە ھەمان رۆحییەتەوە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و ھاوپەیمانیی کەرکووک ھێز و ئیرادەمانە ھەڵبژێرن. دەنگ بە لیستی ١٤٢ بدەن و شانازییەکی تر لە مێژوودا تۆماربکەن و بەرگری لە کوردستانیبوونی کەرکووک بکەن.
دەشڵێت لە کۆتایی کۆبوونەوەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی وتویەتی، کەرکووک لە دڵماندایە و ماڵی ھەموو کەرکووکییەک، ماڵی من و یەکێتیشە. ئێمە ھەرگیز کەرکووکمان جێنەھێشتووە و ھەمیشەش ھەر وادەکەین، ئێستاش بە سەرکەوتنی ھاوپەیمانیی کەرکووک ھێز و ئیرادەمانە، مێژوویەکی دیکە بۆ یەکێتییەکەمان دەنووسینەوە و لە قەڵا دێرین و سەربەرزەکەی خۆتانەوە مژدەی سەرکەوتن رادەگەیەنین.
|