X
مەزڵوم عەبدی: ئامادەی گفتوگۆین لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان، لەنێویاندا تورکیا

ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم: غەرامەی دواکەوتنی قیست و قەرز حەرامە

کوردستان

2023-11-19     52ژمارەی خوێندراو

ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئەو پارەیەی لە بەرامبەر دواکەوتنی قیستی خانوبەرە وەردەگیرێ، حەرامە.

میللەت:

ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند، دوای ئەوەی كۆمەڵێك لە خاوەن نووسینگەكانی عەقارات، چەند پرسیارێكیان ئاراستەی ئەنجومەنی باڵای فەتوا كرد، لەبارەی دانانی مەرجی غەرامەكردن لە كاتی دواكەوتنی دانەوەی قیستەكان لە كاتی فرۆشتنی خانوو بەقیست و كاریگەریی ئەو مەرجە لەسەر كاری عەقارات، كە وەك ناوەندگیرێك كار دەكات بۆ پێكهێنانی كڕیار و فرۆشیار؛ ئەنجومەنەكە سەبارەت بەو پرسە بەم جۆرەی فەتوای خۆی راگەیاند.

لە فەتواکەدا هاتووە: (غەرامەی تاخیربوون) حەرامە و بەتایبەتی لە بابەتەكانی قەرز و قیستدان، بەو پێیەش هەر لە ئەوەڵەوە گرێبەستەكە حەرامە و نابێت مسوڵمان خۆی لێ بدات، هەروەها هەر ئاسانكارییەكیش بۆ ئەو جۆرە گرێبەستانە بكرێت، وەك ئەوەی كە دەڵاڵ و سەمسار و خاوەن عەقارات دەیكەن؛ هەمان گوناهی سووخواردن تەحەمول دەكەن.

ئەنجومەنەکە لەم شەش خاڵەدا فەتواکەی ڕوونکردەوە:

1- بۆ هەردوو لایەنی گرێبەست، وەك یەك ریبایە و حەرامە، گرێبەستەكە هەر لە ئەوەلەوە (بەتاڵ)ـە.

2- ئەگەر كڕیار لە ئەوەڵیشەوە نیەتی تاخیركردنی قیستەكەی نەبێت، هەر دیسان حەرامە؛ مادام واژووی كرد لەسەر گرێبەستەكە كە مەرجێكیان سەردەكێشێت بۆ ریبا.

3- خاوەن عەقاراتەكانیش نابێت ناوەندگیری بكەن لەو حەرامەدا.

4- بەڵام ئەگەر گرێبەستەكە خاڵی بوو لەو مەرجە (مەرجی غەرامەی تاخیربوون)؛ ئەوا هیچ كێشەیەكی شەرعیی تێدا نییە.

5- پێشنیاری ئێمە ئەوەیە كە ئەو مەرجە لاببرێت لەو گرێبەستەدا، لە جیاتی ئەوە دەتوانن هەركات تاخیر بوو كڕیارەكە؛ ئەوا ئیلزام بكرێت بەوەی كە زیاتر لە دوو قیست بدات لە كۆی ئەو مەبلەغەی كە لە سەرەتاوە لەسەری رێككەوتوون.

6- ئەگەر خاوەن عەقاراتەكان لە سەرەتاوە دڵنیا نەبوون لەوەی كە گرێبەستە یاساییەكەی دووەم مەرجی غەرامەی تاخیربوونی تێدایە؛ ئەوا بۆ ئەمان كێشەیەكی شەرعی نابینینەوە، چونكە شەرع زاهیربینە و حوكمی شەرعی لەسەر یەقین و دڵنیایی بنیات دەنرێت.