وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێم لەبارەی پڕۆسەی خوێندنی دیبلۆمی باڵا، ماستەرو دكتۆرا، چەند بڕیارێكی دەركرد و دەڵێت، ئەو پێشکەشکارانەى کە لەتاقیکردنەوەى توانستى زانستى دەرچون، بەڵام بەهۆى نەمانى کورسى خوێندن وەرنەگیراون، كورسیان بە شێوازی پارالێڵ بۆ دابیندەكرێت.
وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، ئەمڕۆ دوشەممە، لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیدا كۆمەڵێك بڕیاردراون.
بەپێی راگەیەندراوەكە ئەمانەی خوارەوە دەقی بڕیارەكانن:
١- چەسپاندنى ئەنجامى بەرایى پڕۆسەى خوێندنى باڵا (دیبلۆمى باڵا، ماستەر، دکتۆرا) دواى ڕاگەیاندنى ئەنجامى پەڵپ کە لەلایەن زانکۆکانەوە جێ بەجێ دەکرێت.
٢- ئەو پێشکەشکارانەى کە لەتاقیکردنەوەى توانستى زانستى دەرچوون، بەڵام بەهۆى نەمانى کورسى خوێندن وەرنەگیراون، دەسەڵات دەدرێتە ئەنجومەنى زانکۆکان لەڕێگەى گواستنەوەى (موناقەلە)ى کورسییەکان لەهەمان بەشى زانستى یان زیادکردنى کورسى بەپێى تواناى بەشە زانستییەکانیان یاخود بە هاوبەشى زانستى نێوان زانکۆکان، کورسى خوێندنیان بۆ دەستەبەر دەکەن و هەر کورسییەک کە لەڕێگەى گواستنەوە (موناقەلە) یاخود زیاد دەکرێت بۆ پلانى بنەڕەتى زانکۆکان، ئەوا بەشێوازى پارالێڵ دەبێت. ئەگەر زانکۆکان نەیانتوانى کورسى خوێندن بۆ بەشێک لە دەرچوان دەستەبەر بکەن بە پڕۆسەى سەرەوە، ئەوا بە وەرگیراو هەژمار دەکرێن لەم خولە، بەڵام دەستپێکردنى خوێندنەکەیان دەکەوێتە خولى داهاتو.
٣-دواى جێبەجێکردنى خاڵى دوەم، ئەگەر لەو بەشانەى کە کورسیەکانیان بەهۆى دەرنەچونى پێشکەشکاران پڕنەبۆوە، ئەوا کورسیەکانیان پڕدەکرێنەوە بە ڕەچاوکردنى ڕیزبەندى نمرەى توانستى زانستى پێشکەشکاران لە سەرجەم بازنەکان (خوێندنى باڵا، گشتى، و پارالێل) لە بەرزترین کۆنمرەوە بۆ نزمترین تاکو کورسییەکان پڕدەکرێنەوە، بەمەرجێک نمرەى توانستى زانستى بەدەستهاتو لە (10) کەمتر نەبێت و هەمو ئەو کورسییانەش خوێندنەکەیان بەشێوازى پارالێڵ دەبێت .
٤- کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانى سیاسى، ئەوانەى لە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى نمرەکەیان لە (10) و بەسەرەوە بێت ئەوا بە وەرگیراو هەژمار دەکرێن.
٥- کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت بە ڕێژەى (٧٠%)، کە لەلایەن وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتییەوە پشتڕاست دەکرێتەوە، کورسى خوێندنیان لە دەرەوەى پلان بۆ تەرخان دەکرێت، بەمەرجێک نمرەى توانستى زانستى بەدەستهاتو لە (١٠) کەمتر نەبێت.
٦- بڕیاردرا بە تەرخانکردنى کورسى خوێندن بۆ ناوچە دابڕیندراوەکانى هەرێمى کوردستان بەهەمان پێوەرى خاڵەکانى (٤، ٥).
٧- بڕیاردرا ئامادەکارى بکرێت بۆ ڕاوندێکى ترى خوێندنى باڵا، بۆ ئەم مەبەستەش زانکۆکان ڕاسپێردران لەسەرەتاى مانگى ٩ى ٢٠٢٣ پلانى نوێ ئامادە بکەن و بۆ وەزارەتى بنێرن.
|