X
ئەو سکاڵایەیی دژی حکومەتی خۆجێی کەرکوک تۆمارکرابوو رەتکرایەوە

ئاشتی تورکیا لە نێوان هات و نەهاتدایە

کاردۆ عوسمان هەورامی

لە مێژووی دروستبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان و دەستپێکردنی خەباتی چەکداری لە دژی دەوڵەتی تورکیا بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی لە قەندیلەوە بڵێسەدەدات، بەم جارەوە چوار جار ھەوڵ بۆ پڕۆسەی ئاشتی دراوە، بەڵام سێ جاری پێشوو بەھۆکاری جیا شکستی ھێناوە، ئەم جارە کە لە زەمینە و ھەلومەرج و بارودۆخێکی جیاوازدا پڕۆسەکە دەستی پێکردووە، تا ئێستا وا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، کە ھەردوولا جدی و پەرۆشبن بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە، بەڵام ئەو تەون و گومانانەش کەم نین، کە لەبەردەم بێدەنگکردنی چەکەکاندا بوونی ھەیە .

ھەوڵەکانی پڕۆسەی ئاشتی:
ناکرێت باسی پڕۆسەی ئاشتی بکەیت و ئاوڕ بۆ مێژووی ململانێ و شەڕو ھەوڵەکانی ئاشتی لەنێوان پەکەکەو دەسەڵاتدارانی تورکیا نەدرێتەوە، بەشێوەیەکی گشتی ھەوڵەکانی ئاشتی لە تورکیا بۆ چەند ئاست یان قۆناغێک پۆلێن دەکرێت، لە ساڵی ١٩٩٣ وە بۆ ساڵی ٢٠١٥ چەند ھەنگاوێک بۆ پرۆسەی ئاشتی نران، قۆناغی یەکەم لە ساڵی ١٩٩٣ لە سەردەمی تورگوت ئۆزال، سەرۆک کۆماری تورکیا، قۆناغی دووەم لە ساڵی ١٩٩٦ لە سەردەمی نەجمەدین ئەربەکان، سەرۆک وەزیرانی تورکیا، قۆناغی سێیەمی ھەوڵی چارەسەری کێشەی کورد بە شێوەی ئاشتیانە لە (٢٠١٣) وە تا (٢٠١٥) لەسەردەمی رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئاک پارتی دەستیپێکرد، بەڵام ھەنگاوەکان ئاشتییان بەدوای خۆیاندا نەھێنا، ھەرچەندە چەند جارێک و بۆ چەند ساڵێک چەکەکان بێدەنگ کران، ئەم قۆناغەش ٢٠٢٥ کە بە قۆناغی چوارەم ناوزەند دەکرێت، جارێکی دیکە پڕۆسەی ئاشتی دەستی پێکردوەتەوە.

ھەوڵەکانی ئەمجارە جێگای ھیوایە:
ئەوەی ئەم جارە چاوەڕێدەکرێت جیاوازتر بێت لە قۆناغەکانی پێشتر بارودۆخەکە گۆڕاوە و جگە لە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) ھەریەک لە پارتەکانی دیکەی تورکیا پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەھەپە) و پارتی گەلی کۆماری (جەھەپە) پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)  و پارتی کرێکارانی تورکیا (TİP) پارتی کۆمۆنیستی تورکیا (TKP)ھاوپەیمانی کرێکاری و ئازادی پارتی داھاتوو (Gelecek) پارتی فێلیسیتی (SP)پارتی سەعدەت (پارتی فێلیسیتی) بە گەرمی کار لەسەر پڕۆسەکە دەکەن، ئەمەش ھێزێکی زیاتری بە پڕۆسەکە بەخشیوە و لەسەرو ھەموشیانەوە پەرۆشی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان و ھەروەھا بە دەنگەوە ھاتنی پەکەکە بۆ پەیامەکانی ئۆجەلان و قایل بوونی بە خۆ ھەڵوەشاندنەوە و دەستبەرداربوونی خەباتی چەکداری.

لەم قۆناغەدا پەکەکە پەرۆشترو جدیتر دەردەکەوێت، بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی و سەرخستنی پڕۆسەکە، ئەوەی دەمێنێتەوە نیازپاکی ئاک پارتی و تورکیایە بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان، کە تا ئێستا ھەنگاو بەھەنگاو لەگەڵ پڕۆسەکەدا رێدەکات، ھەرچەندە رەخنەشی لێدەگیرێت، کە وەک پێویست ھەنگاوی نەناوە و ھێشتا بەردەوامە لە بۆردومانکردنی ناوچە سنوورییەکانی باشور، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا،ئەگەر ئەم پڕۆسەیە سەرکەوتوبێت و ھاوشێوەی قۆناغەکانی دیکە ئاستەنگ و بەربەستی نەیەتە پێش و لەبار نەبرێت واچاوەڕێ دەکرێت، کۆتایی بە نزیکەی نیو سەدە لە نائارامی و شەڕو ئاڵۆزی لە نێوان قەندیل و ئەنقەرەدا بھێنێت و چەکەکان بێدەنگ بکرێت،ھەروەھا پڕۆسەکە پێویستی بە گەرەنتی ھەیە و ھەمووشی گرنگ و پێویستە، پڕۆسەکە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەڵەتییەوە چاودێری بکرێت، بۆ ئەوەی ھێزێکی تر بدات بە پڕۆسەکە و لە ئەگەری پابەندنەبوونی ھەر لایەک سەرزەنشتی لاکەی دیکە بکرێت و رێگە نەدرێت پڕۆسەی ئاشتی بەدەردی جارەکانی دیکە ببرێت.

بەووردبوونەوە لەم قۆناغەی پڕۆسەی ئاشتی ئەوەی بەدیدەکرێت پەکەکە تا ئێستا بە دەنگەوە ھاتنێکی زۆری بۆ پڕۆسەکە ھەیەو ئەوەی لەسەری بووە ھەنگاوی بۆ ناوە،  پەکەکە قورسترین بڕیاری مێژوویدا کە خۆی ھەڵوەشاندەوە و رەنگە لەچیاکانی کوردستان بێنە خوارەوە و چەکەکانیان بێدەنگ بکەن، بەو ئومێدەی ئەو خەباتەی کە نزیکەی نیو سەدە لەمەوبەر دەستیان پێکرد بە رێگەی ئاشتیانە بێتەدی، بەڵام پرسیارە ھەرە گرنگ و جەوھەرییەکە ئەوەیە، دوای چەکدانانی پەکەکە چارەنوسی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان بە کوێ دەگات؟

ئایا دووبارە شەڕ لە قەندیل دەست پێدەکاتەوە، یان پڕۆسەیەکی راستەقینەی ئاشتی دەست پێدەکات؟
پەکەکە خەباتی چۆن دەگۆڕێت و چارەنوسی گەریلاکان چی دەبێت؟ ئەوانەی بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پەکەکە دەستگیر کراون یان بانگەشەیان کردووە، ئازاد دەکرێن،لەسەرووی ھەموویانەوە ئۆجەلان و دەمیرتاش؟

دەبێت چاوەڕێ بکەین، ھەنگاوەکانی  داھاتوو وەڵامی ئەم پرسیارانە دەداتەوە، بەش بەحاڵی خۆم ئومێدەوارم پڕۆسەی ئاشتی سەربگرێت و قۆناغێکی نوێی بێ چەک و توندوتیژی بۆ گەلی کورد لە تورکیا دەست پێبکات و کورد لەو بەشەی کوردستان بە مافە رەواکانی بگات.