X
مەلا مەزھەر روبەڕووی یاسا دەکرێتەوە

ئێران نایەوێت دوو شت بڵێت

سەردار عەزیز

وەھا چاوەڕوان دەکرا لە دۆناڵد ترەمپ وتاری دۆخی فیدڕاڵی ئەمریکا بکاتە ساتەوەختێک کە تیایدا کەیسی ھێرش کردن بۆ سەر ئێران پەرەپێبدات. بەڵام سەرباری دوورودرێژی وتارەکەی وەھا نەبوو. زۆر زیاتر ڕووی لە ناوەوەی ئەمریکا و پرسی ھەڵبژاردنەکانی نێوەندیی کۆنگریس بوو.

چەند شتێکی جێگەی سەرنجە کە ڕەنگە یارمەتیمان بدات بۆ ئەوەی کەمێک تێبگەین لە بڕیارنەدانی ترەمپ:
یەکەم، بۆ یەکەمجار لەم ئیدارەی دووەمی ترەمپدا دزەپێکردنی زانیاریمان بینی. کاتێک ترەمپ، دان کەینی بینی، کە دژایەتی ھەبوو لە نێوان قسەکانی ئەو و قسەکانی ترەمپدا. 

بونی دژایەتیەکە گرنگە، بەڵام لەم ساتەدا دزە پێکردنەکە خۆی کەمتر گرنگ نیە. دزە پێکردن بەشێکە لە نەریتی سیاسی واشنتۆن.بە گشتی دزەپێکردن بۆ کۆمەڵێک مەبەستە، بەڵام لێرەدا ڕوونە کە مەبەست لێی چەند شتێکە، لەوانە بونی ڕای جیاواز لە ناو کابینەکەدا. دزەپێکردنی ئەو جیاوازیانە بە مەبەستی وروژانی دەرەوەی کابینەکەیە بۆ فشار لە سەر کابینەکە بە ئاراستەی دژایەتی شەر لەم پرسەدا. ھەروەھا نیشانەی ئەوەیە کە ھێشتا بڕیار نەدراوە.

ھەموو ئەمانە پێکەوە ئاماژەن کە ترەمپ لە ڕاستیدا دەیەوێت ئێران بھێنێت بە چۆکا بەبێ شەڕ. بەڵام لە ئەنجامی ئەمەدا خۆی خستوەتە سوچەوە یان خۆی خستوەتە ناو بۆکسێکەوە، ئێستا بژاردەکانی یان دەبێت ئێران ناچار بە وازھێنان لە پرسی ئەتۆمی بکات یان شەڕ بکات. بەڵام ئەو دەیەوێت بەبێ شەڕ بگاتە ئەوە. وەک ووتی، ھێشتا ئێران ئەوەیان نەگوتوە. دیارە ئەمڕۆ دیسانەوە دیدارە لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا، ڕەنگە ئێران ئەوە بڵێت کە ترەمپ دەیەوێت.

دیارە ئێران کێشەی نیە بڵێت واز لە چەکی ئەتۆمی دەھێنێت لە ئێستادا، بەڵام نایەوێت دوو شت بڵێت: یەکەم، نایەوێت بڵێت بۆ ھەمیشە واز لە بونیادنانی چەکی ئەتۆمی دەھێنێت، دووەم نایەوێت بڵێت دەستبەردای مافی خۆی دەبێت لەو بارەوە.

ئاماژەیەکی تر جێگەی سەرنجە، سەردانە پێشوەختەکەی نەتانیاھوو بوو. وەک دەڵێن نەتانیاھو، دەبوو ھەژدەی مانگ سەفەری بکردایە، بەڵام سەفەرەکەی پێشخست لە ترسی ئەوەی نەبادا ترەمپ ڕێکەوتن لە گەڵ ئێراندا واژۆ بکات. وەک سایمۆن ھێرش نوسیبوی ھێندە بە پەلە ھاتبو، سارای ژنی لە بیرچووبوو. 

وەھا دیارە ئیسرائیلیەکان ھەست دەکەن ڕێکەوتن دەبێت بەڵام فشار بۆ ئەوە دەکەن کە چەکی بالیستی بەشێک بێت لە ڕێکەوتنەکە.
لە ھەمانکاتدا وڵاتانی کەندا و تورکیا زۆر بەچڕی فشار دەکەن بۆ ھێرش نەکردن، چونکە دەترسن دۆخەکە لە دەست دەربچێت و ئەمریکای ترەمپ ھێندە بەلایەوە گرنگ نیە کە بایەخ بە قەیرانی ئەوانیتر بدات.

ئەوانەی دەیانەوێت ترەمپ قەناعەت پێبکەن ئەوە دەڵێن کە ھەرگیز ساتەوختی وەھا گونجاو نەبوە، ئێران لە قەراخەکەیدایە و تەنھا پاڵێکی پێویستە بۆ ئەوەی بە تەواوی بکەوێت.

دیارە بۆ ترەمپ گۆڕینی ئێران لە بەر ھۆکاری خراپی بۆ ناوچەکە و خەڵکەکەی جێگەی بایەخ نیە.جەماوەری ترەمپ یان ماگا، نە بڕوایان بە دیموکراسی ھەیە و نە بڕوایان بەوە ھەیە کە دەستوەردانی ئەمریکا لە دونیادا پێویستە.

بۆیە ترەمپ دەخوازێت بە خێرایی شتێک بکات، کە دەستکەوتێکی ھەبێت و ئەمریکا توشی شەڕ نەکات. ھەتا ئێستا نەگەشتوەتە ئەو قەناعەتەی کە ئەوە مسۆگەر دەبێت. 

لە ئێران ئەگەر ڕژێمەکە نەگۆڕێت گۆڕانکاری نابێت. ترەمپیش دژ بە پرۆسەی گۆڕینی ڕژێمە. دەیەوێت سەرکردە بگۆڕێت، بەڵام لە ئێراندا ھەتا ئێستا سەرکردەی وەھای نیە. 

ئەوەی ئاڵۆزە ئەوەیە کە ترەمپ دۆخەکەی بردوەتە ئاستێک ئەگەر ھیچ نەبێت ئەوا زۆر بە سودی ئێران دەشکێتەوە، ئەگەر ھێرشێکی کەمیش بێت، ئەوا ئێران سازش ناکات، ئەگەر بیەوێت ڕژێم بگۆڕێت ئەوا بە ڕۆژ و ھەفتە لە کۆڵی نابێتەوە.

ئەمەیە دۆخی ڕاڕایی بەندکراو، prisoner dilemma.