X
مەلا مەزھەر روبەڕووی یاسا دەکرێتەوە

یاخیبوونی فوئادی کاندید

رێبوار كەریم وەلی

شەڕە دەنوکی ئەم یەکدووڕۆژەی دوایی لە نێوان فوئاد حوسێن و هۆشیار زێباری کە هەردووکیان ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتین و، پەلاماردان و تۆمەتبارکردنی یەکترییان لە رێگەی مێدیای عەرەبییەوە، شتێکی تازەیە و، زۆر دەگمەن رووی داوە کەسانی نزیک لە بارزانیی باوک و کوڕ بەم نەوعە بکەونە بەرامبەر یەکتری.
*
ئێستاش لە قسەکانی هۆشیار زێباری تێنەگەیشتم کە مەبەستی لە ناکارامەیی فوئاد حوسێن چی بوو؟ بۆ فوئاد حوسێنی بە سەرۆکی هەرێم پێوا؟ ئایا لەوە ناڕەحەت بوو کە بە هۆی دیدارەکانی نێچیرڤان بارزانی، پێگەی هەرێم کەوتۆتە سەرووی پێگەی عێراقەوە؟ یان لە دابەزینی شان و شکۆی عێراقی دراوسێ نیگەران بوو!؟
*
ئینجا ئاشکرایە کە هۆشیار زێباری دوای گەڕانەوەی لە بەغدا، لەسەر باڵی باوک و کوڕ حیسابە و  یەکێکە لەو کەسە نزیکانەی کە لە بڕیارە خانەوادەگییەکاندا بەشدارە. فوئاد حوسێن لە ماوەی رابردوودا، هەر دوو پۆستە پێشووەکانی هۆشیار زێباریی پڕ کردۆتەوە، جارێک وەزیری دارایی، جارێک وەزیری دەرەوە و دوو جاریش کاندیدی سەرۆکایەتیی کۆمار! لانیکەم رەنگبێ کاک هۆشیار وایدانابوو هەر نەبێ ئەمجارە ئەو کاندیدی پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار بێت، بەڵام سەری نەگرت.
*
لە سەردەمی ریفراندۆمدا، رەنگبێ فوئاد حوسێن راستگۆترین کەسی نزیک بوو لە بارزانیی باوک و هۆشداریی دا کە ئەوە یاریکردنە بە ئاگر و باشترە لەگەڵ بەغدا دیالۆگ بکرێ، بەڵام بارزانی گوێی لەو نەگرت و بە قسەی کاک هۆشیاری کرد.
*
کاندیدکردنی ئەمجارەی فوئاد حوسێن پتر لەوەی پێدانی ئیمتیاز بێ، شکاندنی زیاتریەتی، چونکە کێ وەزیرێک کە خۆی بە فاشیلی بزانێ بۆ پۆستێکی باڵاتر کاندید دەکات!؟
*
باڵی مەسروور بارزانی لە ماوەی رابردوودا، هێرشێکی چڕیان لە دژی فوئاد حوسێن دەستپێکردووە و بە ئاشکرا دژایەتیی دەکەن. ئەوە رەنگبێ تا راددەیەکی زۆر بە دڵی بارزانیی باوک نەبێ.
*
خولاسەی کەلام، پارتیی باوک و کوڕ چۆن دەتوانن گلەیی لە ناکارامەیی کەسێک بکەن کە لە رووی پڕۆتۆکۆلییەوە لە ئاستی عێراقدا، لە سەرووی ئەوانەوەیە، کەچی لە بۆنە و موناسەبەتەکاندا، دەبێ لە پشت سەری ئەوانەوە بڕوات!؟