X
مەلا مەزھەر روبەڕووی یاسا دەکرێتەوە

عێراق لە گریمانەی تەقینی باڵۆنەکەدا ..

هۆشیار عەبدوڵا

پەندێکی کۆنی ئینگلیزی هەیە دەڵێت « لە شەڕ و لە خۆشەویستیدا هەموو شتێک رێگەپێدراوە All’s fair in love and war » لە سەروەختی دروستکردنی حکومەتەکانی عێراقیشدا بۆ تێکڕای هێزە سیاسیەکان هەمان حاڵەت ڕاستە و هیچ شتێک حەرام نییە. هێزە سیاسیەکان ئەوەی لەدەستیان بێت دەیکەن بۆ دەستخستنی بەشێکی گەورەتر لە کێکی دەسەڵات، ئەوەی نەخشیشی هێنابێت، پێی گوتراوە پیرۆزە! 
هاوپەیمانێتی نوێی نێوان بارزانی و مالکی پاش قۆناغێکی زۆر لە ململانێ و ناکۆکی سەخت، لەسەر هەردوو پۆستی سەرکۆمار و سەرۆک وەزیران بەشێکە لەو حاڵەتەی سەرەوە. 
**
لە هەرسێ بلۆکە گەورەکەی پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، دابەشبونێکی تیژ هەیە، شیعە ئەگەرچی تاکە کاندیدیانە بەڵام بە تەواوی یەکدەنگ نین لەسەر مالکی، کورد ناکۆکە و زیاد لە کاندیدێکی هەیە بۆ سەرکۆمار، سوننە سەرۆکی پەرلەمانی بردووە و لایەکی بەڕەی خۆی لە ئاوێ دەرهێناوە بەڵام لەگەڕانەوەی مالکی دەترسن و چاویان لەسەر پشکی ناو حکومەتە! ئەم دابەشبوونە وا دەکات گریمانەی چەقبەستنی سیاسیی لە تێکڕای ماوە دەستورییەکان بۆ تەواوکردنی ئەم خولەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن قورس بێت. 
***
ئەگەر مانۆڕە نێودەوڵەتییەکان دژ بە ئێران بچنە قۆناغی نوێوە، حکومەتی نوێ لە عێراقدا بەئاسانی ڕوناکی نابینێت یان بە زویی دەکەوێتە بەردەم ئاڵنگاری سەخت هاوشێوەی حکومەتەکەی عەبادی، ئەو مانۆڕانە جدیین، هەم نیودەوڵەتین، هەم هەرێمایەتی « بەتایبەتی سوریا» و بە گریمانەی زۆر دەبنە هەنگاوی کرداری دژ بە ئێران جا لە ناو تاراندا بێت یان لە دوا باخچەی پشتەوەی نفوزی لە ناوچەکەدا کە بەغدایە! 
****
لە دوای ساڵی ٢٠١٤ ەوە، دوای حکومەتی دووەمی مالکی ئەو حاڵەتە لە عێراقدا کۆتایی هات کە پۆستەکان بدرێن بە کەسانێک لەبەر ئەوەی بەهێزن، بەڵکو دران بەکەسانێک لەبەر ئەوەی لاوازن، هەر لە عەبادییەوە تا سەلیم جبوری تا فوئاد مەعصوم هیچیان لەبەر بەهێزیان پۆستەکانیان پێ پڕنەکرایەوە بەڵکو لەبەر لاوازییان ئەو پۆستانەیان پێدرا.
ئەمەش وایکرد هەم پرۆسەی سیاسیی و هەم حوکمڕانی پڕ بێت لە لاوازی، ئەگەر دیقەت لە بەهێزی کەسانی وەک مامجەلال لە پۆستی سەرکۆمار و مالکی لە سەرۆکی وەزیران و نوجەیفی لە سەرۆکی پەرلەمان بدەیت و بەراوردی بکەیت بە جێگرەوەکانی دوای خۆیان دیمەنەکەت بەتەواوی لا ڕوون دەبێت. 
*****
لە کاتێکدا هەموو چاوەکان لەناوخۆی عێراقدا لەسەر ئەوەن بازی سەرکۆمار و سەرۆکی حکومەت لەسەر سەری کێ دەنیشێتەوە، لە ئاسمانی ناوچەکەدا باڵۆنی ئەجێندایەکی گەورە بە ئاشکرا دەبینرێ کە تەقینەوەی لە ئان و ساتدایە، باڵۆنێک کە زۆر گەورەترە لە پێکهێنانی حکومەت و کۆی پرۆسەی سیاسیی عێراق. باڵۆنێک کە تەقینی ئێجگار نزیکە و لە ئان و ساتدایە و گریمانەی گۆڕانکاری گەورەی لە هەناویدا هەڵگرتووە.