ھێرشەکانی ئەم جارەی دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا بۆسەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، مەترسیدارن. ئەم مەترسییە ھەر بۆ کوردانی حەلەب نییە، بەڵکو بۆ کۆی ئەزمونی حوکمڕانیی رۆژاڤایە. چونکە ئەم ھێرشانە ھاوکاتە ھەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتی و ئەمریکییەکانی سەر سوریا پاش ئاسایی بونەوەی تەواوەتی حوکمڕانیی «جۆلانی»ی ئەمیری گروپێکی تیرۆرستیی پێشو و «ئەحمەد شەرع»ی سەرۆکی ئێستای سوریا و، لە ھەمان کاتیش کردنەوەی دەرگای ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیی نێوان ئەم دەسەڵاتە و ئیسـ.رائیل.
ئەوەی لە رۆژاڤا رودەدات، جگە لە رەھەندی ھاوسۆزییە نەتەوەییەکەی، بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەریی دەبێ لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی و نەتەوەیی ھەرێمی کوردستان و، دۆخی کورد لە ناوچە جێناکۆکەکان و، تەنانەت پێگەی ھەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراق.
ھەنگاوی کردەیی و کاریگەر و بونیاتنەر بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان و یارمەتیدانی رۆژاڤا بۆ روبەڕوبونەوەی ھێرشەکان و، بەردەوامیدان بە رێچکەی ئاشتییانە بۆ جێگیرکردنی ئەزمونەکەی لەچوارچێوەی دەوڵەتی سوریا، پێویستی بە نەخشەڕێیەکی فرە ئاست و رەھەند ھەیە.
یەکەم: لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان
١. گرنگە دەسەڵاتدارانی ھەرێم لەڕێی ئەو پەیوەندییە دیبلۆماسییانەی لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا ھەیانە، فشار بکەن بۆ ھێنانەکایەی کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی بۆ راگرتنی ھێرشەکان و، چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان لەڕێی دانوستانەوە.
٢. جەخت کردنەوەی بەردەوام لەسەر دۆزینەوەی چارەسەری ناناوەندی بۆ سەرجەم پێکھاتەکانی سوریا و، بەستنەوەی دۆزی کورد بە دۆزی دروز و عەلەوی و کریستیانەکانی سوریا.
٣. ئەنجامدانی پەیوەندیی بەردەوامی رەسمی و ئاشکرا و فرەئاست لەگەڵ دەسەڵاتی رۆژاڤا بۆ نیشاندانی پشتیوانیی سیاسی و مرۆیی. ھەمو ئەمانەش پاساودراو و شەرعی پشتئەستور ئەبن بە بڕیاری ژمارە (٢٤)ی ساڵی ٢٠١٤ی پەرلەمانی کوردستان.
٤. کردنەوەی دەرگای وتووێژ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق و، تەنانەت ناردنی شاند بۆ دیمەشق بەمەبەستی گەیاندنی نیگەرانی لەو پەلامارانە و، فشار بۆ راگرتنی ھێرشەکان و، نیشاندانی ئامادەیی بۆ ھاوکاریی کردن لە دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی. ئەم ھەڵوێستانەی ھەرێم پاساودراون نەک تەنھا بە دۆزی نەتەوەیی، بەڵکو بە ھۆی کاریگەریی راستەوخۆی ئەو ئاڵۆزی و شەڕانە بۆسەر ھەرێمی کوردستان چ لە روی ئەمنییەوە چ لە روی مرۆییەوە بەتایبەت ئاوارەبونی خەڵک ناوچەکە بۆ ھەرێمی کوردستان.
٥. کردنەوەی پردێکی ھاوکاریی مرۆیی بەردەوام بۆ روبەڕوبونەوەی ھەر پێشھاتێکی نەخوازراو.
٦. لەسەر ئاستی گوتاری راگەیاندنیش، زۆر گرنگە کەناڵەکانی راگەیاندنی ھەرێم، بە زمانە زیندوەکانی دنیا ستۆریی روداوەکان لەگۆشەنیگای ھەرێمی کوردستانەوە بۆ رای گشتیی جیھانی بگوازنەوە.
٧. لەسەر ئاستی جەماوەریش، جیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، گرنگە بە خۆپیشاندانی مەدەنیی ئیدانەی ئەو پەلامار و ھێرشانە بکرێت، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە خۆپیشاندانی گەورە لە ھەولێر ئەنجام بدرێ بۆ گەیاندنی پەیام بۆ نێردە دیبلۆماسییەکان لە پایتەختی ھەرێم.
دووەم: لەسەر ئاستی عێراق
١. ھەرێمی کوردستان خاوەنی نوێنەرایەتییە لەسەر ئاستی ھەر دو دەسەڵاتی جێبەجێ کردن و یاسادانانی فیدڕاڵ. لە ئێستادا دو پۆستی جێبەجێکاری گرنگ بەدەست نوێنەرانی ھەرێمەوەیە کە ئەوانیش سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەیە. گرنگە پەیامێکی رەسمیی عێراق لەڕێی یەکێک لەو دو پێگەیە سەبارەت نیگەرانی لە ھێرشەکان دەرببڕدرێت.
٢. فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران ئەتوانن فشار بکەن بۆ نواندنی ھەڵوێست لە لایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران. بە لانی کەم خۆیان ھەڵوێستیان ھەبێت و، بەھەمان شێوە جێگری دوەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران.
٣. لە ئاستی کرداریش دەکرێ لەڕێی کەناڵی بدیبلۆماسیی راستەوخۆی نێوان عێراق و سوریا، فشار بکرێت بۆ کۆتایی ھێنان بە پەلامار و ھێرشەکان و، سەرخستنی رێگای ئاشتی و دانوستان.
٤. نوێنەرانی کوردستان لە ئاستی ھەر دو دەسەڵاتی جێبەجێ کردن و یاسادانان و تەنانەت لە ئاستی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق پێویستە کار بکەن کە عێراق پرسی کەمایەتییەکانی سوریا بکاتە فایلێکی سەرەکی لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی دا. ئامادەیی بۆ ئەمە لە ناوەندی دیکەی عێراقیش ھەیە. عێراق زیاتر لە دەوڵەتانی دیکەی ھاوسنوری سوریا بەڵگەی ھەیە بۆ مەترسییەکانی لە سەرھەڵدانی ھەر ئاڵۆزییەک لە سوریا. سەرھەڵدانی داعش و پەلاماردان و گرتنی نزیکەی سێیەکی خاکی عێراق ھێشتا کۆن نەبوە. ھەروەھا ئۆردوگای ھۆل و زیندانییانی داعش لای ھێزەکانی سوریای دیموکرات، مەلەفێکی ئەمنیی مەترسیدارە بۆ عێراق.
لەھەمان کاتدا بونی کورد لە عێراق و لەناو دەسەڵاتەکانی و، چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی کورد لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراق، پێگەی ئەم دەوڵەتە لە لەخۆگرتن (تبنی) کردنی فایلی پێکھاتەکانی سوریا بەھێزتر ئەکات و، پشتیوانیی نێودەوڵەتیش بۆ عێراق دەستەبەر ئەکات و، ئەیکاتە یەکێک لەو دەوڵەتانەی کورسییان ھەیە لەسەر مێزی چارەسەری کێشەکانی سوریا.
٥. عێراق ئەتوانێت ھەندێک پاڵنەر (حوافز)ـی ئابوریش بۆ سەرکەوتنی ھەڵەکانی لەو بارەیەوە بەکاربھێنێت، بەتایبەت بەگەڕخستنی ھێڵی بۆریی نەوتی بانیاس و پەیوەندیی ئابوری لەگەڵ سوریا و بەستنەوەی سوریا بە (رێگای گەشە).
سێیەم: لەسەر ئاستی رەوەندی کوردستانی و دیاسپۆرا
١. ئەنجامدانی خۆپیشاندانی گەورە لە پایتەختەکانی وڵاتانی رۆژاوا بۆ ھێنانەکایەی فشاری نێودەوڵەتی لەسەر دەسەڵاتدارانی سوریا بە ھەماھەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتییەکانی رۆژاڤا و، حیزب و رێکخراوە کوردییەکانی پارچەکانی تری کوردستان.
٢. ئەنجامدانی دیدار و کۆبونەوە و ناردنی پەیام لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و پەرلەمانی ئەو وڵاتانە لە لایەن حیزب و رێکخراو و کەسایەتییە کوردستانییەکان بۆ ھەمان مەبەست.
٣. ھەر دو حیزبی حوکمڕانی ھەرێم لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا پارەیەکی زۆر بۆ لوبی کردن سەرف ئەکەن، ئەتوانن بەشێک لە ھەوڵەکانیان بۆ لۆبی کردن لە پێناو چارەسەری سیاسی و ئاشتیانە دادپەروەی دۆزی کورد لە رۆژاڤا بخەنەکار.
٤. پەیوەندی گرتن لەگەڵ پێکھاتەکانی تری سوریا بەتایبەت کریستیان و دروز و عەلەوییەکان بۆ ھەمانگی و کاری ھابەش.
ئەم نەخشەرێگایە دەقێکی سەرەتاییە کە دەکرێ دەوڵەمەندتر بکرێت بۆ ھەنگاوی کرداریی فرە ئاست و رەھەندی کاریگەر بۆ پشتیوانیی رۆژاڤا.
دەربڕینی ناڕەزایی و دژوەستانەوە چاکە. بەڵام لەوە گرنگتر بونی دیدگای رونە بۆ چۆنییەتی کاریگەریی روداوەکان لەسەرمان و، ئەو مەترسی و دەرفەتانەی لەگەڵ خۆیان دەیھێنن و، چۆنییەتیی روبەرونەوەی مەترسییەکان و سودوەرگرتن لە دەرفەتەکان. ئەمە وا دەکات پارێزگاری لە ھەرێمی کوردستان بکرێت و، پشتیوانی لە رۆژاڤاش بکرێت و، مەترسییەکان بگۆڕدرێن بۆ دەرفەت.