فەیلەسوفان لە کۆنەوە، ماهیەتی زەمەن، جوڵە و ڕەهەندە پێکهێنەرەکانیان خستوەتە بەردەم پرسیار لێکدانەوەی زۆرەوە. ئایا زەمەن چەمکێکی ئەبستراکتە، یان واقیعێکی هەستپێکراو، یان هەردوکیان بەیەکەوە؟ ئایا زەمەن لە گۆڕان دایە، یان هەمیشەیی و ئەبەدییە؟ ئایا زەمەن ڕێژەییە، یان ڕەها، جەوهەرێکی سەربەخۆ و تایبەتە بە خۆی، یان بە دەرەوەی خۆیەوە بەستراوەتەوە؟ ئایا لە توانادا هەیە زەمەن تێپەڕێنرێ و گەمارۆ بدرێت؟ ئەمانە و زۆری دیکەیش ئەو پرسیارانەن فەیلەسوفان بە درێژایی مێژو کردویانن، هاوشانی ئەو پرسیارانە، لێکۆڵینەوەی زانستی وردیان بۆ گەیشتن بە وەڵامی پرسیارەکان ئەنجام داوە، تا ئێستایش توێژینەوە و بەدواداچونە زانستییەکان بۆ گەیشتن بە وەڵامی وردتر و زانستیتر بەردەوامە.
زەمەن، چەمکێکی تەواو فەلسەفییە، پێناسەکردن و ناسینی ئاڵۆز و پڕ کێشەیە. ئۆگەستین لەخۆڕا نەبو دەیگوت: "زەمەن ناناسم و نازانم چییە، چ ئەو کاتەی پرسیاری لەبارەوە دەکەم، چ ئەو کاتەی کارەکە پەیوەندی بە لێکدانەوەی چەمکەکەوە هەبێت، ئەوە بە هیچ شێوەیەک نایناسم".
بابەتی قسەکردنی ئێمە بریتی نییە لە بابەتێکی فەلسەفی و زانستی تایبەت بە زەمەن، هێندەی مامەڵەکردنە لەگەڵ ئەم چەمکە وەک پانتاییەکی سادە و پڕ جوڵەی کات، کە مرۆڤیش وەک باقی بونەوەرەکانی دی لە نێویدا جوڵە و ژیان دەکات.
تێپەڕبونی کات و بەردەوامی جوڵەی زەمەن، پرۆسەیەکە نە لە کاتی ڕابردودا دیل دەکرێت، نە لە کاتی ئێستادا ڕادەگیرێت، نە لە جوڵەی بەردەوام و بەرەوپێشچونیش بەرەو ئایندە دەوەستێنرێت. زەمەن، لە پرۆسەی جوڵەی بەردەوام و هەمیشەیی خۆیدا، لە یەک کاتدا هەم خۆی نوێ دەکاتەوە، هەم ساڵێک لە ژیانی بونەوەرەکانی دیکە دەبات، هەم ژمارەکانیش گەورەتر دەکات. لێرەوە پرسیاری جوڵەی زەمەن، پرسیاری ئەو بونەوەرانە نییە، کە جوڵەی زەمەن لە دۆخێکەوە بەرەو دۆخێکی دیکەیان دەگوازێتەوە، پرسیارێک نییە لە ڕوی فەلسەفی، زانستی و سۆسیۆلۆجییەوە، وەڵامەکانی ئاسان وەربگرینەوە، چونکە کردەی جوڵە و بەرەوپێشچون، لە چرکە و خولەکەکانەوە بۆ گەورەبونی ژمارەی ساڵەکان پرۆسەیەکی خولانەوەی نەگۆڕ و بەردەوامە. لە زەمەندا، ڕۆژ، هەفتە و مانگەکان وەک خۆیان و بە هەمان ناو دوبارە دەبنەوە، بەڵام بە مانا و پێناسەی جیاوازتر، هاوکات ژمارەی ساڵەکان دەگۆڕێن، لەگەڵ گۆڕانی ئەوانیشدا شتەکانی دیکەیش گۆڕانیان بەسەردا دێت، گۆڕانی سروشتی، یان مرۆیی، گۆڕان لە هەڵکشانی ساڵانی تەمەن، گۆڕانی فیزیکی و فسیۆلۆجی، گۆڕان لە نەبونەوە بۆ بون و لە بونەوە بۆ نەبون.
بونەوەرەکان بخوازن یان نا، لە دەرەوەی ئیرادە و هێزی خۆیانەوە، دەبن بە بەشێکی دانەبڕاو لە گەمە و جوڵە بەردەوامەکانی زەمەن، جوڵەیەک نە تەنها ژمارەکان، بەڵکو کۆی ئەو بونەوەر و ژیان و جوڵانەش دەگۆڕێت، کە دەشێ سەرەتایەکی تازە، مانایەکی نوێ و مرۆییانەتر بۆ ژیان، یان دۆزەخ و خوێنی نوێ بۆ مرۆڤایەتی بهێنێت.
مرۆڤ لەبەردەم جوڵەی زەمەندا، هەنژێجار بێ بژاردە، هەندێجاریش بژاردەی جیا جیای لە بەردەست دایە، زەمەن، هەندێجار دۆزەخت بە تامی ژیان پێشکەش دەکات، بڕێک جاری دیکەیش، دەرفەتی دروستکردن و بونیادنانی جیهانی نیمچە بەهەشتیت بۆ فەراهەم دەکات. مرۆڤ ئەگەر بابەتیانە هێزی بیرکردنەوە و پرسیاری هەبێت، ئەگەر گەرەکی بێت ژیان بکات، دەتوانێت بە هێزەوە مامەڵە لەگەڵ بژاردەکانی زەمەندا بکات، ئەو بژاردانەی وەڵام بە خواستە مرۆیی و ئەخلاقییەکانی خۆی و ئەو فۆرمە لە ڕوانین و دنیابینی دەداتەوە، کە باوەڕی پێی هەیە، ئەو بژاردانەی نابنە هۆی زیانگەیاندن بە ئازادی ئەویدی، گروپە کۆمەڵایەتییەکان، نەتەوە و نیشتمان.
پوختەی قسە ئەوەیە، ساڵ وەک بەشێک لە زەمەن، لە بینینە سادەکەیدا گۆڕانی ژمارەیەکە و هیچی دی، ٢٠٢٥ دەگۆڕێت بۆ ٢٠٢٦، بەڵام مانا قوڵ و شاراوەکەی ئەوەیە، کاتە بچوککراوەکانی ئەم ساڵە چی تێدایە و کێ مانا بە ڕۆژ و مانگەکانی دەدات. گومان لەوەدا نییە، ئەوە مرۆڤەکانن مانا بە کاتە جیاوازەکانی زەمەن دەدەن، مرۆڤەکانن دەتوانن لە نێو بژاردەکانی بەردەستیاندا بە دوای مانای تازە و شێوەژیانی تایبەت بە خۆیان بگەڕێن، واتە مرۆڤەکان دەکەونە بەردەم بژاردەکانی کاتەوە، چۆن بە هۆشیارییەوە لە نێویدا ژیان دەکەن، چۆن وەک بونێک لە نێو کاتدا بۆ بونی خۆیان، فۆرمی ژیان و چێژی ژیانکردن دەگەڕێن، چۆن مانای نوێ بە بونی خۆیان، بە پەیوەندی و بە ژیانیش دەدەن، ڕۆژژمێری زەمەنی ساڵ چۆن دەنوسنەوە و لە نێو کایەی کاتدا، کام فۆرمە لە مامەڵەکردن و پەیوەندی هەڵدەبژێرن. بە مانا کاری مرۆڤ لە نێو زەمەندا، کارێکی ئاسان نییە، بەڵام بە هەمو گرفت و قورسییەکانیشییەوە، مامەڵەکردن لەگەڵیدا بەشێوەیەکی ئەقڵانی دەتوانێت بڕێک لە تامی ژیانکردنت پێببەخشێت.
مادام جوڵەی کات لە دەرەوەی وەستانە و هیج دەسەڵاتێکی مرۆڤی تێدا نییە، جگە لە بژاردەی مامەڵە لە نێویدا، دروست ئەوەیە، بەبێ هیچ زۆر لەخۆکردن و فشارێکی دەرەکی، بەگوێرەی بژاردە فیکری و ئەخلاقییەکانی خۆت بژی، ڕێز لە بون و جیاوازی ئەوانیدی بگریت، خۆشەویستی ببەخشیت و بەشداربیت لە جوانترکردنی ژیان، ئەگەر ئەو جوانکردنە بە تەنها وشەیەکیش بێت. ئەوەیش، کە ڕۆژ و مانگ و ساڵەکان پیرۆز و جوانتر دەکات، خۆشەویستی و جوانییە.